Image

مامۆستایەکی بەشی دیجیتاڵ میدیا و مارکێتینگ لە پانێڵێکی زانستیدا تیشک دەخاتە سەر کەسایەتی شەهید ئارام

لە درێژەی چالاکییە زانستی و مەیدانییەکانی مامۆستایانی بەشەکەمان، د. عەدالەت عەبدووڵا، مامۆستا لە بەشی (دیجیتاڵ میدیا و مارکێتینگ)، بە پەیپەرێکی زانستی بەشداریی لە پانێڵێکی تایبەتدا کرد کە بۆ ساڵیادی شەهیدی سەرکردە "شاسوار جەلال - ناسراو بە ئارام" ڕێکخرابوو.

پانێڵەکە لەژێر ناونیشانی (شەهید ئارام.. لە پانێڵێکی زانستیدا) لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، کە لەلایەن ڕاگەیاندنی مەڵبەندی ١ی ڕێکخستنی سلێمانییەوە ڕێکخرابوو. تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆشنبیران، میوانان و هاوڕێیانی شەهید ئارام ئامادەبوون.

لە میانەی پانێڵەکەدا، د. عەدالەت عەبدووڵا پەیپەرێکی تێروتەسەلی سەبارەت بە ڕەهەندە ڕووناکبیرییەکانی کەسایەتی شەهید ئارام پێشکەش کرد. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە شەهید ئارام تەنها سەرکردەیەکی سیاسی نەبووە، بەڵکو وەک ڕووناکبیرێکی خاوەن دیدگا و کاریگەر ڕۆڵی گەورەی لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد و کایەی ڕۆژنامەگەری و هۆشیاریی کۆمەڵایەتیدا هەبووە.