مامۆستایەکی بەشی دیجیتاڵ میدیا و مارکێتنگ لە پانێڵێکی زانستیدا تیشک دەخاتە سەر ململانێی نێوان سۆشیال میدیا و میدیای کاغەزی
لە چوارچێوەی چالاکییە زانستی و ئەکادیمییەکانی مامۆستایانی بەشەکەماندا، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ساڵۆنی کوردستانی نوێ، د. عەدالەت عەبدوڵا، مامۆستا لە بەشی (دیجیتاڵ میدیا و مارکێتینگ)، بەشداری لە پانێڵێکی تایبەتدا کرد کە بەبۆنەی یادی ٣٥ ساڵەی دەرچوونی ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ) ڕێکخرابوو.
پانێڵەکە لەژێر ناونیشانی "سۆشیال میدیا و میدیای کاغەزی و ئەزموونی کوردستانی نوێ" بەڕێوەچوو، تێیدا د. عەدالەت عەبدوڵا وەک پانێڵست تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانی جیهانی ڕاگەیاندن.
لە تەوەرەی یەکەمی قسەکانیدا، د. عەدالەت باسی لە "کاریگەریی سەرهەڵدانی چاپخانە لەسەر ڕاگەیاندن" کرد و مێژووی گۆڕانکارییەکانی ئەم کایەیەی بۆ ئامادەبووان شیکردەوە، کە چۆن چاپخانە شۆڕشێکی گەورەی لە بڵاوکردنەوەی زانیاریدا دروست کرد.
لە بەشێکی تری پانێڵەکەدا، مامۆستای بەشەکەمان ئاماژەی بەو تەوژمە بەهێزەی میدیای نوێ کرد و ڕایگەیاند: "میدیای دیجیتاڵی وەک عەوزایەکی گەورە دەردەکەوێت کە خەریکە میدیای تەقلیدی (ترادیشناڵ میدیا) قوت دەدات." ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئەو ئاستەنگە گەورانەی کە ئێستا لەبەردەم ڕۆژنامەگەریی کاغەزیدان لە بەرامبەر باڵادەستیی سۆشیال میدیا و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکاندا.
ئەم پانێڵە کە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیران بەڕێوەچوو، دەرفەتێک بوو بۆ هەڵسەنگاندنی ئەزموونی ٣٥ ساڵەی ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ و چۆنیەتی خۆگونجاندنی میدیای کوردی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەمی دیجیتاڵ و مارکێتینگی نوێدا.

