Image

بەشی دیجیتاڵ میدیا دوو کورسی خوێندن پێشکەش بە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان دەکات


لە نوێترین هەنگاوی بەشەکەماندا بۆ پشتیوانیکردن لە پەرەپێدانی بواری میدیا لە کوردستان و بەرزکردنەوەی ئاستی ئەکادیمیی ڕۆژنامەنووسان، بەشی دیجیتاڵ میدیا و مارکێتینگ لە پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان بڕیاریدا دوو کورسی خوێندن بۆ ئەندامانی لقی سلێمانیی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان تەرخان بکات.



ئەم بڕیارە لە میانی سەردانێکی بەڕێزان دکتۆر عومەر حەسەن، سەرۆکی بەشی دیجیتاڵ میدیا و مارکێتینگ، و دکتۆر عەداڵەت عەبدوڵڵا، مامۆستا لە بەشەکەمان، بۆ لقی سلێمانیی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان درا. لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بە دابینکردنی:

یەک کورسی خوێندنی ١٠٠٪ خۆڕایی (سکۆلەرشیپ)

یەک کورسی خوێندن بە داشکاندنی ٥٠٪

ئەم هەنگاوە لە پەرۆشیی پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان و بەتایبەت بەشی دیجیتاڵ میدیاوە دێت بۆ پشتیوانیکردنی توێژی ڕۆژنامەنووسان و کردنەوەی دەرفەتێکی نوێ بۆ ئەو بەڕێزانەی کە ئارەزووی خوێندن لە بواری میدیای نوێدا دەکەن بەڵام بەهۆی مەرجەکان یان بارودۆخی تایبەتی خۆیانەوە ئەو دەرفەتەیان بۆ نەڕەخساوە.

ئێمە باوەڕمان وایە کە زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسە بە ئەزموونەکان دەتوانن سوودێکی زۆر لەم دەرفەتە وەربگرن بۆ نوێکردنەوەی زانیارییەکانیان و ئاشنابوون بە تەکنیکە نوێیەکانی دیجیتاڵ مارکێتینگ و بەڕێوەبردنی میدیای سەردەم.

بۆ ئەم مەبەستە، ئەو ڕۆژنامەنووسە بەڕێزانەی کە ئەندامی لقی سلێمانیی سەندیکان و ئارەزووی وەرگرتنی ئەم کورسییانە دەکەن، دەتوانن پەیوەندی بە بارەگای لقی سلێمانیی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانەوە بکەن بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر و تۆمارکردنی ناو.

بەشی دیجیتاڵ میدیا و مارکێتینگ بەردەوام دەبێت لە کردنەوەی دەرگای هاوکاری بۆ گشت دامەزراوەکانی میدیا و پەرەپێدانی توانای تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردستان.