ڕێنمایی بۆ ئەرکی "توێژینەوەی بازاڕ"
سڵاو خوێندکارانی خۆشەویست،
هیوادارم هەمووتان باش بن.
ئەمە ڕێنماییە بۆ ئەرکی داهاتووتان، کە بریتییە لە جێبەجێکردنی ئەو زانیاریانەی لە وانەی یەکەم (توێژینەوەی بازاڕ) فێری بووین. ئامانج لەم کارە ئەوەیە کە بە شێوەیەکی کرداریی بتوانن بناغەی بەڕێوەبردنی سۆشیال میدیا دابڕێژن.
داواکارییەکە:
پێویستە هەر یەکێکتان بزنسێکی بچووکی خەیاڵی بۆ خۆتان دابنێن و پاشان بەپێی ئەم هەنگاوانەی خوارەوە شیکاری بۆ بکەن و لە وانەی داهاتوودا لە ڕێگەی پاوەرپۆینتەوە (PowerPoint) پێشکەشی بکەن.
هەنگاوەکانی کارکردن:
هەنگاوی یەکەم:
سەرەتا، بزنسێکی بچووکی خەیاڵی دابنێن. دەتوانێت فرۆشگایەکی ئۆنلاینی جلوبەرگ بێت، کافێیەکی گەڕەک بێت، خزمەتگوزارییەکی دیزاینی گرافیک بێت، فرۆشتنی بەرهەمی دەستی بێت، یان هەر بیرۆکەیەکی تر کە خۆتان حەزی پێ دەکەن و دەشکرێت رێکخراو یان دامەزراوەیەک بێت.
نموونە: "کافێی کتێب"
هەنگاوی دووەم: دروستکردنی کەسایەتیی کڕیار (Buyer Persona)
ناوێکی خەیاڵیی بۆ دابنێن.
تەمەن، ڕەگەز، و شوێنی نیشتەجێبوون و باری خێزانیی دیاری بکەن.
ئاستی خوێندن و جۆری کارەکەی بنووسن.
حەز و خولیاکانی چین؟ کاتە بەتاڵەکانی بە چییەوە بەسەر دەبات؟
نموونە: (ئارام، ٢٥ ساڵ، خوێندکاری زانکۆ، حەزی لە گەشت و خوێندنەوەی کتێبە).
هەنگاوی سێیەم: شیکارکردنی کێشە و ئامانجەکان (Pain Points & Goals)
لێرەدا ئەم سێ پرسیارە گرنگە دەدەنەوە:
خاڵی ئازار (Pain Point): ئەو کێشە و ئاستەنگانە چین کە ڕووبەڕووی کڕیارەکەتان دەبنەوە و بزنسەکەی ئێوە دەتوانێت چارەسەریان بکات؟
نموونە بۆ کافێی کتێب: "ئارام شوێنێکی ئارامی دەستناکەوێت بۆ خوێندنەوە لەگەڵ قاوەیەکی بەتامدا."
ئامانج (Goal): کڕیارەکەتان دەیەوێت بە چی بگات؟ ئامانجی چییە؟
نموونە: "ئارام دەیەوێت شوێنێک بدۆزێتەوە کە هەم کتێبی باشی لێ بێت و هەمیش بتوانێت لەگەڵ هاوڕێکانیدا کاتێکی خۆشی تێدا بەسەر ببات."
من چۆن هاوکار دەبم؟ (How I Help): بزنسەکەی ئێوە چۆن یارمەتیی کڕیارەکەتان دەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەی و گەیشتن بە ئامانجەکەی؟
نموونە: "کافێی کتێب ژینگەیەکی ئارام و کتێبخانەیەکی دەوڵەمەند لەگەڵ خواردنەوەی گەرم و سارد پێشکەش دەکات، کە وەڵامدەرەوەی هەردوو داواکارییەکەی ئارامە."
هەنگاوی چوارەم: دیاریکردنی چەناڵی سۆشیال میدیای گونجاو
گەڕان بەدوای چەناڵەکانیان: بگەڕێن و بزانن هەر یەک لەو ڕکابەرانە کام چەناڵی سۆشیال میدیا بەکار دەهێنن (فەیسبووک، ئینستاگرام، تیکتۆک، هتد...).
پڕکردنەوەی فۆڕمەکە: ئەو زانیارییانە فۆڕمەکەدا تۆمار بکەن کە بۆم ناردوون. بزانن کام پلاتفۆڕم زۆرترین جار لەلایەن ڕکابەرەکانتانەوە بەکار هاتووە.
بڕیاردان: لەسەر بنەمای ئەم شیکارییە، ئەو ٢-٣ پلاتفۆڕمە هەڵبژێرن کە پێتان وایە بۆ بزنسەکەی ئێوەش گرنگترینن. هۆکاری هەڵبژاردنەکەتان ڕوون بکەنەوە.
نموونە: "دوای شیکردنەوەی ١٠ کافێی هاوشێوە، بۆم دەرکەوت کە ٩ لەوانیان ئینستاگرام و ٧ لەوانیان فەیسبووک بەکاردەهێنن، لە کاتێکدا تەنها ٢ دانەیان تیکتۆکیان هەیە. بۆیە منیش بڕیارم دا سەرەتا گرنگی بە ئینستاگرام و فەیسبووک بدەم، چونکە بازاڕی ئامانجی من لەوێ ئامادەیی هەیە و ڕکابەرەکانیش لەوێ چالاکن."
هەنگاوی پێنجەم: ئامادەکردنی نمایشێک بە پاوەرپۆینت (PowerPoint)
هەموو ئەو خاڵانەی سەرەوە لە چەند سلایدێکی سادە و ڕێکدا نمایش بکەن:
سلایدی یەکەم: ناوی بزنسە خەیاڵییەکەتان.
سلایدی دووەم: کەسایەتیی کڕیار (Buyer Persona).
سلایدی سێیەم: خاڵی ئازار، ئامانج، و شێوازی یارمەتیدان.
سلایدی چوارەم: چەناڵە هەڵبژێردراوەکانی سۆشیال میدیا لەگەڵ هۆکاری هەڵبژاردنیان.
تکایە بۆ وانەی داهاتوو هەمووتان ئامادە بن بۆ نمایشکردنی کارەکانتان.
هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم. ئەمە ڕاهێنانێکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە بناغەی بەڕێوەبردنی سۆشیال میدیا.
لەگەڵ ڕێزمدا،
م.ی. ڕاوێژ کامەران

