ڕێنمایی چالاکی: دروستکردنی براندێکی تەواو (Brand Building)
بۆ: فێرخوازانی بەشی دیجیتاڵ میدیا و مارکێتینگ
بابەت: پڕۆژەی کۆتایی بۆ وانەی براندینگ
سڵاو و کاتتان باش،
هیوادارم هەموولایەک لە باشترین دۆخدا بن.
ئەرکی ئەم هەفتەیەی وانەی دیجیتاڵ مارکێتینگ بریتییە لە پڕۆژەیەکی کرداری کە تێیدا هەموو ئەو زانیاری و بنەمایانەی لەبارەی براندینگەوە فێری بوون، بەکاری دەهێنن. پێویستە بە شێوەی گرووپی (٣ بۆ ٤ کەسی) کار لەسەر دروستکردنی براندێکی تەواو بکەن بۆ بزنسێکی خەیاڵی یان نموونەیی.
ئامانجی چالاکییەکە:
فێربوون و جێبەجێکردنی هەنگاوە بنەڕەتییەکانی دروستکردنی ناسنامە و ستراتیژییەتێکی بەهێز بۆ هەر بزنسێک.
هەنگاوەکانی کارکردن:
قۆناغی یەکەم: بەکارهێنانی فۆڕمی هاوپێچ (The Branding Workbook)
داونلۆدکردنی فۆڕمەکە: سەرەتا، ئەو فۆڕمەی کە هاوپێچ کراوە (Business Branding Workbook) دابەزێنن. ئەم فۆڕمە ڕێبەری سەرەکی ئێوە دەبێت لەم پڕۆژەیەدا.
هەڵبژاردنی بیرۆکەی بزنس: وەک گرووپ، بیرۆکەیەکی بزنس هەڵبژێرن. دەکرێت کافێیەک، کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژی، براندێکی جلوبەرگ، خزمەتگوزارییەکی ئۆنلاین، یان هەر بیرۆکەیەکی تر بێت کە حەزتان لێیە.
پڕکردنەوەی فۆڕمەکە: بە وردی و بە هاوکاری یەکتر، هەموو بەشەکانی فۆڕمەکە پڕ بکەنەوە. ئەمە بنچینەی کارەکەتانە و پێویستە هەموو خاڵەکان (لە زانیاری بزنسەوە تا دیزاینی لۆگۆ) بە جوانی شی بکرێنەوە.
قۆناغی دووەم: گواستنەوەی کارەکە بۆ سەر سلایدی پاوەرپۆینت (PowerPoint Presentation)
دوای تەواوکردنی فۆڕمەکە، پێویستە هەموو زانیارییەکانتان بە شێوازێکی پرۆفیشناڵ و سەرنجڕاکێش بخەنە سەر سلایدی پاوەرپۆینت. پرێزێنتەیشنەکەتان دەبێت لانیکەم ئەم سلایدانەی خوارەوە لەخۆ بگرێت:
سلایدی ١: ناونیشان (ناوی براندەکە، ناوی ئەندامانی گرووپ).
سلایدی ٢: پێناسەی بزنسەکە (کورتەیەک لەسەر بزنسەکە، ناوی بزنس، ناونیشان و زانیارییە بنەڕەتییەکان).
سلایدی ٣: کرۆکی براند (Brand Core)
مەبەستی براند (Brand Purpose)
دیدگای براند (Brand Vision)
ئەرکی براند (Brand Mission)
سلایدی ٤: بەهاکانی براند (Brand Values) (ئەو بەهایانە چین کە براندەکەتان باوەڕی پێیەتی؟).
سلایدی ٥: شیکاری بازاڕ (Market Analysis)
ڕکابەرەکان (Brand Competition)
خاڵی جیاکەرەوە (Brand Differentiator)
سلایدی ٦: پێگەی براند لە بازاڕدا (Brand Positioning) (ئەو ڕستە گرنگەی کە پێگەی براندەکەتان دیاری دەکات).
سلایدی ٧: کەسایەتی و دەنگی براند (Brand Personality & Voice) (براندەکەتان چ کەسایەتییەکی هەیە؟ شێوازی قسەکردنی چۆنە؟).
سلایدی ٨: چیرۆکی براند (Brand Story) (کورتەیەک لە چیرۆکی براندەکەتان بەپێی دیاگرامەکە).
سلایدی ٩: ناسنامەی بینراوی براند (Brand Visual Identity)
لۆگۆ (Brand Logo): دیزاینی کۆتایی لۆگۆکەتان دابنێن.
ڕەنگەکان (Brand Colors): پاڵێتی ڕەنگەکانتان (Base, Accent, Neutral) لەگەڵ کۆدی HEXـی ڕەنگەکان دابنێن.
فۆنتەکان (Brand Fonts): ناوی ئەو فۆنتانەی بەکاری دەهێنن بۆ لۆگۆ، سەردێڕ و دەقی ئاسایی.
سلایدی ١٠: دروشمی براند (Brand Tagline) (دروشمە سەرەکییەکەتان).
تێبینی و پێداویستییە گرنگەکان:
دیزاین: دیزاینی سلایدەکان زۆر گرنگە. هەوڵ بدەن ڕەنگ و فۆنتی براندەکەی خۆتان لەناو پرێزێنتەیشنەکەدا بەکاربهێنن بۆ ئەوەی پیشانی بدەن کە چۆن ناسنامەی بینراوی براندەکە کار دەکات.
ڕێکخستن: کارەکە دەبێت ڕێکخراو و پوخت بێت. هەر سلایدێک تەنها بۆ یەک بابەتی سەرەکی تەرخان بکەن.
هاوکاری گرووپ: هەموو ئەندامانی گرووپ دەبێت بەشدار بن لە پڕۆسەکەدا.
فایلی پێشکەشکراو: تەنها یەک فایلی پاوەرپۆینت (.pptx) لەلایەن هەر گرووپێکەوە وەردەگیرێت.
لەگەڵ هیوای سەرکەوتندا،
م.ی ڕاوێژ کامەران

