لە SEOـەوە بۆ AEO: چۆن لە سەردەمی AIـدا بزنسەکەت ون نەبێت؟
ئامادەکردنی : م.ی راوێژ کامەران
پێشتر هەموو هەوڵمان ئەوە بوو لە گەڕانی گووگڵدا لە پلەی یەکەمدا دەربکەوین؟ ئەو سەردەمە پێی دەوترا SEO (Search Engine Optimization). بەڵام ئێستا گەمەکە گۆڕاوە. خەڵک چیتر تەنها وشە لە گووگڵ نانووسن، بەڵکو ڕاستەوخۆ پرسیارەکانیان لە ChatGPT و پلاتفۆرمە زیرەکەکانی تر دەکەن. لێرەدایە کە یاسایەکی نوێ هاتووەتە ئاراوە: AEO (Answer Engine Optimization).
کەواتە AEO چییە؟
با بە نموونەیەک ڕوونی بکەینەوە. جاران کەسێک دەینووسی "چێشتخانە سلێمانی"، تۆ هەوڵت دەدا لینکی پەیجەکەت یەکەم دەرکەوێت. بەڵام ئێستا کەسەکە لە ChatGPT دەپرسێت: "باشترین چێشتخانەکانی سلێمانی کامانەن بۆ خواردنی خێزانی؟"
AEO واتە هەوڵدان بۆ ئەوەی ناوی بزنسەکەی تۆ لەناو وەڵامە زیرەکەکەدا دەربکەوێت، نەک تەنها وەک لینکێک. ئامانج ئەوەیە ChatGPT بڵێت: "یەکێک لە باشترینەکان چێشتخانەی [ناوی بزنسەکەی تۆ]یە چونکە..."
بۆچی AEO گرنگە و نابێت پشتگوێی بخەیت؟
چونکە ڕەفتاری کڕیارەکانت گۆڕاوە. پێشبینی دەکرێت تا چەند ساڵێکی تر، چارەکێکی ئەو کەسانەی بەدوای بەرهەم و خزمەتگوزارییەکاندا دەگەڕێن، ڕاستەوخۆ پرسیار لەم بزوێنەرە زیرەکانە بکەن. واتە ئەگەر گرنگی بەمە نەدەیت، لەوانەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا بەشێکی گەورەی کڕیارەکانت هەرگیز ناوی بزنسەکەشت نەبیستن. ئامانجەکە ئەوە نییە تەنها لە لیستێکدا بیت، بەڵکو ئەوەیە ببیتە بەشێک لەو وەڵامەی کە خەڵک متمانەی پێدەکات.
باشە، چۆن دەست پێبکەم؟
هەرچەندە AEO نوێیە، بەڵام لەسەر هەمان بنەماکانی SEOی بەهێز کار دەکات. ئەم چوار خاڵە جێبەجێ بکە:
ناوەڕۆکی بەهێز و جێی متمانە دروست بکە: وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەرەوە کە کڕیارەکانت هەیانە، بەشێوەیەکی ورد و پسپۆڕانە. وا بکە بزوێنەرە زیرەکەکان بزانن کە تۆ سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراویت لە بوارەکەی خۆتدا.
کۆدی تایبەت بەکاربهێنە (Schema Markup): ئەمە کۆدێکی سادەیە کە دەیخەیتە سەر ماڵپەڕەکەت. وەک ناسنامەیەک وایە کە بە بزوێنەرە زیرەکەکان دەڵێت "ئەم زانیارییانە ڕێکوپێکن و باوەڕپێکراون." و پێویستە شارەزایانی ئایتی بۆت دابنێن.
وا بکە ماڵپەڕ و پەیجە ناسراوەکانی تر باست بکەن (باکلینک): کاتێک سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی تر ئاماژە بە تۆ دەکەن، ئەمە متمانەی تۆ لای بزوێنەرە زیرەکەکان زیاتر دەکات.
زانیارییەکانت لە هەموو شوێنێک نوێ بکەرەوە: دڵنیابە ناونیشان و ژمارە تەلەفۆن و کاتی کارکردنت لەسەر Google Maps و پەیجەکانت و هەموو شوێنێکی تر ڕاست و نوێیە.
لە کۆتاییدا، AEO جێگرەوەی SEO نییە، بەڵکو تەواوکەریەتی. چیتر گەڕان تەنها لە گووگڵ نییە؛ گەڕان لە هەموو شوێنێکە. ئەو بزنسانەی زووتر ئەم ڕاستییە دەزانن و کاری لەسەر دەکەن، ئەوانەن کە لەم جیهانە نوێیەدا پێش ڕکابەرەکانیان دەکەون و جێگەی خۆیان قایم دەکەن.