Image

چۆن کەسایەتیی کڕیاری نموونەیی (Buyer Persona) دروست دەکەیت؟

ئامادەکردنی : ڕاوێژ کامەران 


ئەم بابەتە ڕێبەرێکی پراکتیکییە بۆ دروستکردنی "کەسایەتیی کڕیار" (Buyer Persona)، کە بریتییە لە پرۆفایلێکی خەیاڵی بەڵام لەسەر بنەمای داتای ڕاستەقینە، کە نوێنەرایەتیی کڕیاری نموونەیی تۆ دەکات. دروستکردنی ئەم کەسایەتییە یارمەتیت دەدات مارکێتینگەکەت ئاراستەکراو و کەسیتر (Personalized) بکەیت، بە شێوەیەک کە ڕاستەوخۆ وەڵامی پێداویستی و کێشەکانی ئامادەبووانت بداتەوە. وەک وتەیەکی بەناوبانگ دەڵێت: "ئەگەر مارکێتینگ بۆ هەموو کەسێک بکەیت، ئەوا لە ڕاستیدا بۆ هیچ کەسێکی ناکەیت."


سوودە سەرەکییەکانی دروستکردنی کەسایەتیی کڕیار چین؟


دروستکردنی کەسایەتیی کڕیار چەندین سوودی ستراتیژی هەیە، لەوانە:

  • ئاراستەکردنی باشتر (Improve Targeting): وا دەکات ناوەڕۆک و ڕیکلامەکانت بە وردی بگاتە ئەو کەسانەی کە ئەگەری کڕینیان هەیە.
  • زیادکردنی فرۆش: بەپێی ئامارەکان، ئەو مارکێتەرانەی کەسایەتیی کڕیار بەکاردەهێنن، ٧٣٪ فرۆشیان زیاترە.
  • تێگەیشتنی قووڵتر: یارمەتیت دەدات لە ئارەزوو، ڕەفتار، و نیگەرانییەکانی کڕیارەکانت تێبگەیت.
  • باشترکردنی ئەزموونی کڕیار: خزمەتگوزاری و بەرهەمەکانت لەگەڵ پێداویستییەکانیان دەگونجێنیت.
  • بەهێزکردنی دڵسۆزیی کڕیار: پەیوەندییەکی پتەوتر لە نێوان براندەکەت و کڕیاردا دروست دەکات.


چۆنیەتی دروستکردنی کەسایەتیی کڕیار بە چەند هەنگاوێک

  • توێژینەوەی ورد ئەنجام بدە: ئەمە گرنگترین هەنگاوە. دەتوانیت لە ڕێگەی شیکردنەوەی ڕکابەرەکان، ئەنجامدانی ڕاپرسی لەگەڵ کڕیارە دڵسۆزەکان، بەکارهێنانی ئیمەیڵ، و گوێگرتنی کۆمەڵایەتی (Social Listening) و  زانیاریی ورد کۆبکەیتەوە.


  • سوود لە سۆشیال میدیا و شیکاریی داتا وەربگرە: شیکردنەوەی داتاکانی وێبسایتەکەت (لە ڕێگەی Google Analytics)، پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا، و کەمپینەکانی ئیمەیڵ، زانیاریی ڕاستەقینەت پێدەدات دەربارەی تەمەن، ڕەگەز، شوێنی جوگرافی، و ئارەزووەکانی ئامادەبووانت.


  • تێمپلێتێکی تایبەت بەکاربهێنە: دوای کۆکردنەوەی زانیارییەکان، بیانخەرە ناو تێمپلێتێکەوە کە ئەم بەشَانە لەخۆبگرێت: ناو، تەمەن، پیشە، داهات، ئامانجەکان، کێشە و نیگەرانییەکان (Pain Points)، ئەو براندانەی لای پەسەندن، و ئەو کەناڵانەی بەکاریدەهێنن (وەک فەیسبووک، ئیمەیڵ، هتد).


  • زیرەکیی دەستکرد (AI) بەکاربهێنە: ئامرازەکانی وەک ChatGPT دەتوانن یارمەتیت بدەن لە شیکردنەوەی داتاکان و دروستکردنی پرۆفایلێکی ورد بۆ کەسایەتیی کڕیارەکەت، ئەمەش کاتێکی زۆرت بۆ دەگەڕێنێتەوە.


  • بەردەوام نوێی بکەرەوە: بازاڕ و ڕەفتاری کڕیارەکان بەردەوام لە گۆڕاندان. بۆیە گرنگە بە شێوەیەکی خولی (بۆ نموونە ساڵانە) پێداچوونەوە بە کەسایەتییەکانتدا بکەیت و نوێیان بکەیتەوە.


نموونەیەکی سەرکەوتوو: دوۆلینگۆ (Duolingo)

ئەپلیکەیشنی فێربوونی زمانی "دوۆلینگۆ" نموونەیەکی درەوشاوەیە. ئەم کۆمپانیایە بە وردی دەزانێت بەکارهێنەرانی کێن (بۆ نموونە، ٦٠٪یان تەمەنیان لە خوار ٣٠ ساڵەوەیە) و چ زمانێک لە چ وڵاتێکدا بەناوبانگترە. ئەم تێگەیشتنە قووڵە وایکردووە کە ناوەڕۆکی گونجاو و یاریئامێز (Gamification) دروست بکەن کە سەرنجی ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا ڕادەکێشێت و بووەتە هۆی گەشەیەکی خێرای کۆمپانیاکە.



دروستکردنی کەسایەتیی کڕیار تەنها کارێکی لاوەکی نییە، بەڵکو بناغەی ستراتیژییەکی مارکێتینگی سەرکەوتووە. کاتێک بە وردی بزانیت قسە لەگەڵ کێ دەکەیت، دەتوانیت پەیام و ناوەڕۆکێک دروست بکەیت کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی هەبێت و یارمەتی گەشەی بزنسەکەت بدات.