Image

وردەکاری کوشتنی ئەو کچەی لە شوقەیەکی ئیسکان فڕێدرایە خوارەوە

ئەو کچەی لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو لە یەکێک لە شوقەکانی ئیسکانی هەولێر لەلایەن دوو گەنجەوە فڕێدرایە خوارەوە، بە گوتەی دایکی بەیانیی ئەمڕۆ لەلایەن باوک و برایەکی و سێ کەسی دیکەوە کوژراوە.

 

نازە فەرهاد، دایکی فەیرووز (ئەو کچەی کوژرا) بە رووداوی راگەیاند، بە تیمێکی پێنج کەسییەوە کچەکەیان کوشتووە.

 

بەگوتەی نازە فەرهاد، باوک و برایەکی بایۆلۆجیی کچەکە، برایەکی خۆی (برای نازە فەرهاد) لەگەڵ کوڕە پوورێکی کچەکە و کەسێکی دیکە کە شۆفێریی بۆ کردوون، ئەمڕۆ چوارشەممە هاتوون و لەنێو خەودا کچەکەیان کوشتووە.

 

سەرەتا بە رێگەی تەلەفۆن شاهین نەهرۆ، زڕباوکی کچەکە هەواڵەکەی بە رووداو راگەیاند.

 

نازە فەرهاد هۆکاری کوشتنی کچەکەی بۆ ئەو دوو گەنجە دەگەڕێنێتەوە کە کچەکەیان لە شوقەکەی ئیسکانەوە فڕێدایە خوارەوە، چونکە لەم چەند رۆژەی رابردوودا ئازادکراون، لەبەردەم زیندانەوە سناپیان کردووە و بڵاویان کردووەتەوە.

 


 

یەکێک لە تۆمەتبارەکان دەستگیرکرا

 

پاش کەمێک لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوشتنی فەیرووز، سەرچاوەیەکی بەرپرس لە پارێزگەی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، تۆمەتباری کوشتنی فەیرووزیان دەستگیرکردووە.

  

تائێستا نازانرێت ئەو کەسەی دەستگیرکراوە کێیە و چی فەیرووز دەبێت.

 

فەیرووز لە 17ی 11ی 2023، لە بەیانیی رۆژی هەینی لە نهۆمی پێنجەمی شوقەیەک لە هەولێر فڕێدرایە خوارەوە، ئەو کاژێر 03:00ـی بەیانی کاتێک دایک و زڕباوکی لە ماڵ نەبوون، لەگەڵ دوو کوڕ لە ماڵ چووەتە دەرەوە، پاشان چوون بۆ شوقەیەک لە یەکێک لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە هەولێر. دوای کەوتنەخوارەوەی و گەیاندنی بە نەخۆشخانە، فەیرووز بە رووداوی گوت، "یەکێکیان دەستدرێژیی کردە سەرم، رێگەم بەوەی دیکەیان نەدا و فڕێیدامە خوارەوە."

 

بۆ یەکەم جار رووداو لە زاری کچەکە و دایک و زڕباوکییەوە چیرۆکەکەی گێڕایەوە. ئەوکاتە، نازە فەرهاد گوتی، "کاژێر 12:00ـی شەو بە چات هەڵیان خەڵەتاندووە، پاشان کاژێر 03:00 هاتوون لەبەردەم ماڵەوە سواری ئۆتۆمبێلیان کردووە."

 

فەیرووز تەمەنی 19 ساڵ و خەڵکی هەولێر بوو، کچی ماڵەوە بوو و کاری نەبوو. ئەو شەوەی لە ماڵ چووەتە دەرەوە لەگەڵ ئەو دوو گەنجەدا، دایک و زڕباوکی لە ماڵ نەبوون و خۆی و دوو خوشک و براکانی لە ماڵ بوون. 

 

 



 


رووداوەکە چۆن روویدا؟

  

فەیرووز لەسەر تەختی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەولێر بەم جۆرە چیرۆکەکەی بۆ رووداو باسکردبوو، "کاتێک چووینە شوقەکە، خۆی هاتە لام [ئاماژەیە بۆ یەکێک لە تۆمەتبارەکان] و دەستدرێژیی کردەسەرم، نەمهێشت برادەرەکەی دەستدرێژیم بکاتە سەر و یەکسەر منی فڕێدایە خوارەوە." فەیرووز لە دەستدرێژی مەبەستی دەستدرێژیی سێکسی بوو.

 

شاهین نەهرۆ، زڕباوکی کچەکە هەر ئەوکاتە بە رووداوی راگەیاند، ئەو دوو کەسە یەکێکیان دەستدرێژیی کردووەتە سەر کچەکەیان و لێیداوە، کاتێک ئەوەی دیکەش ویستوویەتی دەستدرێژی بکاتەسەری، قبووڵی نەکردووە و تووشی دەمەقاڵێ بوون. لەوێوە بووە کە فڕێیانداوەتە خوارەوە. 

  

بەپێی راگەیێندراوی ئاسایشی هەولێر کە مێژووەکەی بۆ سەروبەندی رووداوەکە دەگەڕێتەوە، ئەو دوو کەسە ناویان (ف. ز. ص) و (م. ئـ. ع)ـە و لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە لە رۆژی 18ی 11ی 2023، واتە رۆژێک دوای رووداوەکە دەستگیرکراون. 

 

ئاسایش لەو راگەیێندراوەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە لێکۆڵینەوەکانیاندا دەرکەوتووە هەردوو تۆمەتبارەکە لەگەڵ ئەو کچە "لەژێر کاریگەریی خواردنەوە کحولییەکان" لە کاژێر 07:00ـی بەیانی کێشەیان لەنێواندا دروستبووە و یەکێک لە تۆمەتبارەکان ئەو کچەی لە شوقەکەوە خستووەتە خوارەوە.

 

چیرۆکی فەیرووز و رۆژی رووداوەکە

 

دایکی فەیرووز لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە، هەشت ساڵ بەر لە ئێستا دادگەش مافی بەخێوکردنی فەیرووزی داوەتە دایکی، بۆیە لەگەڵ هاوژینە نوێیەکەیدا کچەکەی بەخێوکردووە.

 

زڕباوکی فەیرووز کاتی رووداوی شوقەکە بە رووداوی گوتبوو، "کاژێر 11:00ـی بەیانی بوو و لە ماڵی دایکم بووم، ژمارەیەک زۆر پەیوەندی پێوە دەکردم، کاتێک وەڵامی پەیوەندییەکەم دایەوە، گوتی، کچێکتان لە نەخۆشخانەیە و ئۆتۆمبێل لێیداوە."

 

هەروەها گوتی، "کاتێک چوومە نەخۆشخانە فەیرووزم بینی وەکو تەرمێک لەسەر تەختی نەخۆشخانە کەوتبوو." ئەو کچە 19 ساڵە بەهۆی فڕێدانە خوارەوەی لە شوقەکەوە، بە گوتەی زڕباوکی، رانی و قاچی شکابوون، هەروەها حەوز و بڕبڕەی پشتی درزیان تێبووبوو.


سەرچاوە: ڕووداو